خەڵکی بەشێک لە گوند و ئاواییەکانی ناوچەی ژاوەرۆی سنە لە ترسی مۆرە و چەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، شەوانە نیگابانی لە خۆیان دەدەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ماوەیەکی زۆرە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی چڕوپڕ گوشاری بۆ خەڵکی ناوچەی ژاوەرۆی سنە هێناوە و لە درێژەی پیلانەکانی ئەو دەسەڵاتە دژیگەلییە، مۆرە و بەکرێگیراوان و چەتەکانی ئەو ڕێژیمە لە مۆڵگەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لەو ناوچەیە، شەوانە موڵک و ماڵات، باخ و باخات، مەزرا و ئاژەڵی خەڵکی ناوچەکە بەتاڵان دەبەن و لەناو گوندەکاندا دزی لە خەڵک دەکەن.
سەرچاوەیەک لە ناوچەی ژاوەرۆ بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند کە ماوەیەکی زۆرە مۆرە جێگیرکراوەکانی ڕێژیم لە مۆڵگە نوێیە دروستکراوەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، گوشارێکی زۆریان بۆ خەڵک هێناوە و درەنگانی شەو لەنێو ئاوایییەکاندا دەسووڕینەوە و ئەزیەت و ئازاری خەڵک دەدەن و خەڵکیش لێیان بێزار بوون، بەڵام لە ماوەی یەک ــ دوو مانگی ڕابردوودا گوشارەکانیان بۆسەر خەڵک زیاتر بووە و چەتەکانی ئەو ڕێژیمە شەوانە دزی لە گوندنشینان دەکەن و جیا لەوەی کە زەرە و زیانێکی زۆریان لە خەڵکی ناوچەکە داوە، ئاژەڵێکی زۆریشیان لە خەڵک دزیوە.
هەروەها جیا لە هێرش بۆسەر دارستانە سروشتییەکانی ناوچەکە و بڕینەوەی داری دارستانەکان، مۆرە و چەتەکانی ئەو ڕێژیمە شەوانە داری باخدارانی ناوچەکەش دەبڕن و زەرەر و زیان بە باخ و مەزرای خەڵک دەگەیەنن؛ بۆیە خەڵکیش بۆ پاراستنی گیان و ژیانی خۆیان ناچار بوون شەوانە نیگابان بۆ دەوروبەری ئاوایییەکان و باخەکانیان دیاری بکەن، تاکوو لە خۆیان و ژیان و باخ و ئاژەڵەکانیان پارێزگاری بکەن.