“کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران”، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢١ی زاییندا بڵاو کردەوە.
“کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران” لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینی، سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی کرێکاران لەو وڵاتەدا نووسی: لەم ساڵەدا ٦٤ چالاکی کرێکاری دەسبەسەر و ٩ کەس لە چالاکانی کرێکاری و داکۆکیکار لە مافی کرێکاران سەرجەم بە ٢٧٦ مانگ بەندکران و ١٢٤ زەربە قامچی و بیست و سێ میلیۆن تمەن پێبژاردنی پارەی نەختی حوکم دراون؛ بەپێی ئەو ئامارە دەسبەسەرکردنی کرێکارانی لەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو سەتا ٥٣ زیادی کردووە.
لەو ڕاپۆرتەدا هەروەها هاتووە کە گوشار و دەسبەسەرکردنی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکانی ئێران بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی سەتا ٥٥ بەرز بووەتەوە و لەماوەی ئەمساڵدا ٤٤٥ کەس لەو شارۆمەندانە دەسبەسەر کراون و هەروەها سەبارەت بە دۆخی لەسێدارەدان لە ئێراندا هاتووە کە لەمساڵدا حوکمی لەسێدارەدانی ٢٩٩ کەس جێبەجێ کراوە کە لەچاو هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو سەتا ٢٦ بەرز بووەتەوە کە سەتا ٨٨ی ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون، بەشێوەی نهێنی بووە و بەبێ ئەوەی لە میدیاکانی نێوخۆ و دەرەوە باس بکرێ، ئەنجام دراون.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕەوتی دەرکردنی حوکمی ئیعدام لە ئێراندا هەروا بەردەوامە و لەمساڵدا ٨٥ کەسی دیکە حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە کە بەپێی ئەو ڕاپۆرتە چوار کەس لەو کەسانەی کە حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە تاوانبارانی ژێر ١٨ ساڵ بوون و هەروەها سەتا ٤ی ئەو کەسانەش کە لەسێدارە دراون بە تۆمەتگەلی ئەمنییەتی و سیاسی لەسێدارە دراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی “کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران”، لە ساڵی ٢٠٢١ی زاییندا، ئێران تەنیا وڵاتێک بووە کە لەسێدارەدانی منداڵانی تاوانباری تێدا بەڕێوە چووە.