سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر ناوچەیەکی بەلووچستان و لە ئاکامی ئەو هێرشەدا چوار کەسی بەلووچ گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕۆژی سێشەممە، ٧ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی دەشتی “سەمسوور” لە پارێزگای کرمانی هەرێمی بەلووچستان و لە ئاکامی ئەو هێرشەدا چوار کەس گیانیان لەدەست داوە.
ناسنامەی یەکێک لە قوربانییەکانی ئەو هێرشە، “مێهراب ئیسمائیلزادە” (شەبەخش)، کوڕی عیسا ڕاگەیەندراوە و ناسنامەی ٣ کەسی تریشیان هێشتا نادیارە.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی هاوئاهەنگیی ناڕەزایەتییەکانی بەلووچستان “سهاب”، لە ڕاپۆرتێکدا ڕاگەیاندووە؛ نزیک بە یەک سەدەیە کە هێزە نیزامییەکانی ئێران بەردەوام فڕۆکەیان بەدژی بەلووچستان بەکار هێناوە و تەنانەت چەندین شوێنی مێژوویی و کەوناری بەلووچستانیان لەنێو بردووە و هەزاران کەسیش لە ئاکامی هێرشی هێزە سەربازییەکانی دەسەڵاتەکانی زاڵ بەسەر ئێران، بۆسەر بەلووچستان گیانیان لەدەست داوە.
لە ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوەیەدا هاتووە کە هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، چەکوچۆڵە دروستکراوە نوێیەکانیان لەباتی ئەوەی کە لە بەرانبەر هێز و ئەرتەشی وڵاتێکی تر و لە دەرەوەی ئێران کە مەترسییان بۆسەر نەتەوەکانی ئەو وڵاتە هەیە تاقی بکەنەوە، یەکەم جار لە بەلووچستان و لەسەر نەتەوەی بەلووچ تاقی دەکەنەوە.