پارێزگای ورمێ ناوەندی سەرەکیی بەرهەمهێنانی سێوە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو ساڵێک بڕێکی زۆر سێو لەو پارێزگایەدا بەرهەم دەهێندرێ، بەڵام بەبازاڕکردنی هەموو ساڵێک دەبێتە کێشەیەک بۆ باخدارەکان.
ئەکبەر کەرامەتی، سەرۆکی ڕێکخراوی کشتوکاڵی ورمێ، دەڵێ ٦٤٠ هەزار تۆن سێو لە ساردخانەکانی ئەو پارێزگایەدا ماونەتەوە؛ بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، بەرهەمی سێوی ئەمساڵی پارێزگای ورمێ یەک میلیۆن و ٢٧٠ هەزار تۆن بووە، بەڵام بەشێکی کەمی هەناردەی وڵاتانی دیکە کراوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا سێوی پارێزگای ورمێ بۆ هەرێمی کوردستان، ڕووسیە، پاکستان، ئەفغانستان و وڵاتانی دیکە هەناردە دەکرا.
لەو پێوەندییەدا موراد ئاقابالازادە، سەرۆکی یەکیەتیی خاوەن ساردخانەکانی پاریزگای ورمێ دەڵێ، هەناردەی سێوی ئەو پارێزگایە وەک ساڵانی پێشوو نییە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەم بەرهەمە لە ساردخانەکاندا وردە وردە خراپ ببێ.
خاوەن باخەکان سێوەکان لە ساردخانەکاندا ڕادەگرن بۆ ئەوەی بە نرخی گونجاو بیخەنە بازاڕەوە، بەڵام بەوتەی بەرپرسان نەگەڕانەوەی پارەی هەناردەی سێو بۆ وڵاتانی مەبەست و کێشەکانی لەقوتووکردن و ماشێنی ساردکەرەوە و مانەوەی زۆری بەرهەکەمان لە ڕێگەکان و سنوورەکان، وایکردووە جووتیارەکان قازانجێکی ئەوتۆ نەکەن.