لە کاتێکدا کە دەوری هەشتەمی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بەردەوامە، وەزارەتی دەروەی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا هیچ کات ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادات کە دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگات.
وەزارەتی دەروەی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لەهەمبەر دەوری هەشتەمی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە دەوری حەوتەمی وتووێژەکان بەبێ ئاکام کۆتایی پێهاتووە، ڕایگەیاند کە ئێستا کەمێک زوویە کە بتوانین لەسەر پێشهاتەکان و سەرکەوتنەکانی وتووێژەکان لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بڕیار بدەین، بەڵام ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا هیچ کات ئیزن نادات کە ڕێژیمی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی.
لەلایەکی دیکەوە نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل لە بنەڕەتدا دژی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ رێژیمی ئێران نییە، بەڵام زلهێزە جیهانییەکان دەبێ بە هێزەوە ڕووبەرووی تاران ببنەوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆ ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران کارتگەلێکی لاوازی بەدەستەوەیە، بەڵام زلهێزە جیهانییەکان لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن هێندە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە نەرمی ڕەفتار دەکەن وەکوو ئەوەی کە لەگەڵ زلهێزێکی جیهانیی خەریکی وتووێژن.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند کە ئەگەر وتووێژەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران بە ئاکامێکی باش نەگات و تەنانەت ئەگەر ئیسرائیل بە تەنیاش بمێنێتەوە، ئیزن نادات کە ڕێژیمی سەرەڕۆی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی و بە هەموو هێز و توانامانەوە هێرشی سەربازیی دەکەینە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران.