هێندێک لە سەرچاوە دیپلۆماتیکییەکانی ڤییەن، ڕایانگەیاند کە ئەگەر تیمی وتووێژی ئێران و وڵاتانی زلهێز تا ٤ حەوتووی دیکە نەگەن بە ڕێککەوتنێکی دڵخواز ، وتووێژەکان بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی، بۆ هەمیشە کۆتایی پێ دێت.
هەواڵنێری ئەلعەرەبییە لە ڤییەن، ڕۆژی سێشەممە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی لە زاری هێندێک لە سەرچاوە دیپلۆماتەکانی ئامادە لە ڤییەن، ڕایگەیاند کە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، خێرایی و پێشکەوتنی زۆری بەخۆوە بینیوە و ئەگەر ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهانیی لەماوەی ٤ حەوتووی دیکەدا نەگەن بە ڕێککەوتنێکی دڵخواز، بەو مانایەیە کە چی دیکە هیچ ڕێککەوتنێک لە ئاردا نامێنێ و کۆتایی بە ڕێککەوتن لەنێوان ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی زلهێز بۆ هەتاهەتایە دێ.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، تیمی وتووێژی ڕێژیمی ئێران لە ڤییەن سوورن لەسەر فرۆشتنی نەوتی ئێران و دیپلۆماتەکانی وڵاتانی دیکە لە ڤییەن، نیگەرانییەکانی خۆیان لەهەمبەر ئەو زێدەخوازییەی ئێران دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە کە نازانین ڕێژیمی ئێران چ داواکاریگەلێکی دیکەی دەبێ.
هەر لەم پێوەندییەدا حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە وتووێژەکانی ڤییەن دەبێ بگات بە خاڵێک کە نەوتی ئێران بە ئاسانی و بەبێ هیچ بەربەستێک بفرۆشرێت و پارەی نەوتەکە بە شێوەیەکی یاسایی بخرێتە سەر ئەژمارە بانکییەکانی ئێران.
جێگای ئاماژەیە کە دەوری هەشتەمی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لە کاتێکدا دەستیپێکردەوە کە وڵاتانی بەشدار له وتووێژەکان بێهیوایی خۆیانیان لەهەمبەر ئاکامی دەوری پێشووی وتووێژەکان دەربڕیبوو.