ژنانی ئەفغانستان بەدژی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتیی بەربڵاویان لە کابول بەڕێوە برد و داوای مافە زەوتکراوەکانیان دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، ڕۆژی سێشەممە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٠ی، ژنانی چالاک و یەکسانیخواز لە ئەفغانستان خۆپیشاندانێکی بەربڵاویان بەدژی سیاسەتی دژ بە ژنان و هەڵاواردنی تاڵیبان لە کابول پێتەختی ئەفغانستان وەڕێ خست.
کۆمەڵێک لە ژنانی چالاکی ئەفغانستان و هەروەها ژنانی وەزاڵەهاتوو لە دەست سیاسەتەکانی گرووپی تاڵیبان، لە کابول دەستیان دایە خۆپیشاندان و بە دروشمی “ئێمە ژنان وشیارین لە هەڵاواردن بێزارین، کار، نان، ئازادی”، داوای مافەکانی خۆیان کە گەڕانەوە بۆسەر کارەکانیان، درێژەی خوێندنی کچان و هەروەها دەستەبەرکردنی مافە مرۆییەکانیانە، ڕووبەڕووی گرووپی تاڵیبان بوونەوە.
شایانی باسە کە پاش بە دەسەڵات گەیشتنی گرووپی تاڵیبان لە ئەفغانستان زۆربەی قوتابخانەکانی کچان داخران و زۆربەی ژنان لەسەر کارەکانیان دوور خرانەوە، کە ئەم شێوە سیاسەتەی گرووپی تاڵیبان نەک تەنیا ناڕەزایەتیی نێوخۆیی بەڵکوو ناڕەزایەتیی کۆروکۆمەڵە نێونەتەوەییەکانیشی لێکەوتووەتەوە.