ڕابێرت مالی نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، هۆشداریی بە ڕێژیمی ئێران دا و وتی ئێران خەریکە کایە بە ئاگر دەکات.
ڕۆژی دووشەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، “ڕابێرت مالی” نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، لە وتووێژێکدا کە لە بڵاڤۆکی “نیویۆرکێر”دا بڵاو کراوەتەوە، وتی کە ئەمریکا ئامادە نییە ڕێککەوتنێکی خراپتر لە بەرجام قەبووڵ بکات، چونکە ڕێژیمی ئێران بەرنامەی ناوکیی خۆی پەرە پێداوە و ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد کە هەوڵدان بۆ بووژانەوەی بەرجام وەک هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی جەستەیەکی مردوو وایە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: “ڕێژیمی ئێران توووشی هەڵەی خەمڵاندن بووە و خەریکە کایە بە ئاگر دەکا، چوونکە جیهان ئاگاداری پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکیی ئێران و پەرەپێدان بە چالاکییە شەڕانگیزەکانی لە جیهان و ناوچەکەیە.”
لەلایەکی دیکەوە کێنت مەکێنزی، بەرپرسی ناوەندی فەرماندەیی ئەرتەشی ئەمریکا “سێنتکام” لە دیمانەیەک لەگەڵ نیویۆرکێر لە وڵامی پرسیارێک سەبارەت بە شەڕی گریمانەیی لەگەڵ ئێران، وتی: ” ئەگەر ئەوان لەناکاو هێرش بکەن، شەڕەکە زۆر خوێناوی دەبێ، بەڵام لە درێژماوەدا هەر ئێمە براوەی شەرەکە دەبین، هەر چەندە کە ئەو شەڕە یەک ساڵ دەخایێنێت.”