لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا شاری سنە لەسەر ئاستی ئێراندا وەکوو پێتەختی کتێب ناسێندرا.
ڕۆژی دووشەممە، ٦ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بە بەشداریی وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ڕێژیمی ئێران، جێگری کاروباری فەرهەنگیی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ڕێژیم، نووسینگەی توێژینەوە و بەرنامەداڕشتنی کولتووری، بنکەی هاوئاهەنگیی شار و گوندەکانی هۆگری کتێب و باقیی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی هاوکار، ڕێورەسمی هەڵبژاردن و ناساندنی حەوتەمین پێتەختی کتێب لەسەر ئاستی ئێراندا بەڕێوە چوو و لەنێو شارە دەرچووەکانی قۆناغی کۆتاییی کێىبەرکێی وەرگرتنی نازناوی حەوتەمین پێتەختی کتێبی ئێران، شاری سنە وەک شاری براوە هەلبژێردرا و دەستنیشان کرا.
جێگەی ئاماژەیە کە لەسەر ئاستی وڵاتی ئێراندا شاری سنە حەوتەمین شارە کە وەکوو پێتەختی کتێب ناسێندراوە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا یەکەمین شارە وەکوو پێتەختی کتێب ناسێندراوە؛ پێشتر و لە خولەکانی تری دیاریکردن و هەڵبژاردنی شارەکانی تری ئێران، شارەکانی ئەهواز لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، نەیشابوور لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، بووشێهر لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، کاشان لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، یەزد لە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی، شیراز لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی و ئەمسالێش شاری سنە دیاری کراون.
گەڵاڵەی ناساندنی پێتەختی کتێب لەسەر ئاستی وڵاتی ئێران، لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوییەوە دەستی پێ کردووە و لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوییەوە جێبەجێ کراوە و ساڵانە بەپێی کۆمەڵێک پێوەر، کۆمەڵێک شار لەسەر ئاستی ئێراندا دیاری دەکرێن و چەند شارێکیان دەچنە قوناغی کۆتایی و لە قۆناغی کۆتاییشدا شارێک دەستنیشان و دیاری دەکرێت.
شایانی باسە کە شاری سنە هەر لە سەرەتای سەدەی نوزدەی زایینییەوە، واتە لە ساڵی ١٨١٠ی زایینی و لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەمانوڵاخانی گەورە، والیی سنە لە سەردەمی ئیمارەتی میرنشینی ئەردەڵانەکاندا تاکوو سەردەمی دەسەڵاتی ڕەزاشا بۆ ماوەی زیاتر لە سەد و پەنجا ساڵ نازناوی “دارالعیلم” واتە شاری زانستی پێ بڕاوە کە تاکوو ئێستەش هەر بەو نازناوەوە ناوبانگی هەیە و لەم سەردەمەشدا جارێکی تر ئەو نازناوەی نوێ کردەوە و بووەتە پێتەختی کتێب لەسەر ئاستی ئێراندا.