تەنیا یەک حەوتوو پاش کوژرانی حەسەن ئیرلوو، باڵوێزی پێشووی رێژیمی ئێران لە یەمەن، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە بە خێراترین کات باڵوێزێکی نوێ دیاری دەکەین و دەینێرینە لای حووسییەکانی یەمەن.
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە ناساندن و دیاریکردنی باڵوێزەکان دەبێ پڕۆسەی دیاریکراوی خۆی ببڕێ، وتی: لە ئێستادا سەرپەرەستی دەفتەری نوێنەرایەتییەکەمان لە یەمەن کارەکانی باڵوێزخانە جێبەجێ دەکات و بە خێراترین کات پاش پەسەندکردنی باڵوێزی نوێ لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، باڵوێزی نوێ دەنێردرێتە یەمەن.
مەردنی گوماناوی حەسەن ئیرلوو، بەرپرسی سەربازیی ڕێژیمی ئێران، وەکوو باڵوێزی ئەو رێژیمە لەلای میلیشیا حووسییەکان، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە.
جێگای ئاماژەیە کە حەسەن ئیرلوو، لە پیشینەکەیدا هیچ جۆرە هاوکاری و پێوەندییەکی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی رێژیمی ئێران نەبووە و یەکێک لە فەرماندەکانی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران بووە کە پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ حیزبوڵای لوبنان هەبووە و هاوڕێ لەگەڵ کارناسان و فەرماندەه سەربازییەکانی حیزبوڵای لوبنان هێرش و ئۆپەڕاسیۆنە سەربازییەکانی میلیشیا حووسییەکانی لە یەمەن فەرماندەیی دەکرد.