هەواڵدەرییەکانی سووریە، هێرشی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیلیان بۆسەر ئامانجگەلێک لە باشووری ڕۆژاوای بەندەری لازقیەی سووریە پشتڕاست کردەوە و ڕایانگەیاند کە لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا چەندین کانتینێری گەورە ئاگریان تێبەر بووە.
هەواڵدەریی فەرمیی سووریە” سانا”، لە زاری بەرپرسێکی سەربازیی سووریەوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئەرتەشی ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە هێرشیکی ئاسمانیدا بۆسەر بەندەری لازقیەی سووریە، چەندین کانتینێری گەورەی کردۆتە ئامانجی هێرشەکانی و ئاگری تێبەرداون.
هەر لەم پێوەندییەدا عامر ئیسمائیل هیلال، فەرمانداریی لازقیە بە هەواڵدەریی فەرمیی سووریەی ڕاگەیاندووە کە لە ئاکامی هێرشی مووشەکیی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆسەر بەندەری لازقیە چەندین کانتینێری گەورە ئاگریان گرتووە.
هەواڵدەرییە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم کانتینێرانە چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێرانی تێدا بووە و بۆ گرووپی حیزبوڵای لوبنان ڕەوانە کراون، کە کراونەتە ئامانجی هێرشی ئیسرائیل.