نوێترین کتێبی کۆمەڵەشیعری ژاڵە سەفییاری، شاعیر و نووسەری کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کورستان چاپ و بڵاو کرایەوە.
نوێترین کتێبی خاتوو ژالە سەفییاری، شاعیر و نووسەری کورد و خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی نووسەرانی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە، ۵ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، بە ناوی کۆمەڵەشیعری”هەرمانی ئەوین”، کە ١٣۵ لاپەڕەیە و لە ۵٠ غەزڵ، ٤٠ دووبەیتی، ٣٠ شیعری نوێ و ١٠ چوارپارە پێک هاتووە، لە شاری سەقز و لەلایەن چاپەمەنیی “خانی” چاپ و لەلایەن کتێبفرۆشیی “هونەر و ئەندێشە”وە بڵاو کرایەوە.
شایانی باسە کە ئەم کتێبە دووهەمین کتێبی خاتوو ژاڵەیە و کتێبێکی تری کۆمەڵەشیعری بە ناوی “سترانی تاسە” لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاو بووەتەوە، هەنووکەش دوو کتێبی تریشی لە بواری ئەدەبی منداڵانەوە ئامادەی چاپ و بڵاوبوونەوەیە.
ژاڵە سەفییاری، لەدایکبووی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٦٣ی هەتاوی، لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوییەوە سەرەتا لە کورتەچیرۆکەوە دەستی بە نووسین کردووە و دواتریش دەستی بە هۆنینەوەی شیعری کوردی کردووە کە تاکوو ئێستەش لە بوارەکانی نووسینی کورتەچیرۆک، هۆنینەوەی شیعر، ئەدەبیاتی منداڵان و وانەوتنەوەی زمانی کوردی بە هەردوو ڕێنووسی ئارامی و لاتینی، بە شێوەی سەرهێڵ بەردەوام چالاکە.