هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوری هەشتەمی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام، وەزیری دەروەی ئیسرائیل هۆشداری بە وڵاتانی زلهێزی جیهانیی دەدا و دەڵی: ئیسرائیل ئامادەیە ئەگەر پێویست بکات بە تەنیا ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران ببێتەوە.
یائێر لاپید، وەزیری دەروەی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی کاروباری دەرەوە و بەرگریی ئیسرائیل، وتی: ئێمە دەمانهەوێت بەپێی هاوکاری و پێوەندییە نێونەتەوەییەکان بجوڵینەوە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات بە تەنیا ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران دەبێنەوە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئێمە زانیاریگەلێکی وردمان داوە بە هاوپەیمانەکانمان کە تەنیا ستراتیژی خۆمان لەهەمبەر ڕێژیمی ئێران نەبووە، بەڵکوو زانیاریگەلێکی ڕوون و ئاشکرایە کە دەیسەلمێنێ ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک خەریکە فێڵ لە هەموو جیهان دەکات.
یائێر لاپید لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا ڕایگەیاند کە تەنیا ئامانجی رێژیمی ئێران لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، لاچوونی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان لەلایەن ئەمریکاوەیە کە بە میلیاردها دۆلار لەو ڕێگەیەوە دەکەوێتە دەست ئێران و ڕێژیمی ئێران لەو پارەیە بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکیی و یارمەتی بە حیزبوڵا و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە لە سووریە وعێراق کەڵک وەردەگرێ و پەرە بە گرووپە تێرۆریستییەکانی لە جیهان دەدات.
وەزیری دەروەی ئیسرائیل بە ئاماژە بە دەستپێکردنەوەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لەنێوان ڕێژیمی ئێران وڵاتانی زلهێزی جیهانیی بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام، وتی: سیاسەتی سەرەکیی ئێمە پێشگرتن لە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانە.