وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، سەرەڕای وتنی ئەوەی کە وڵاتانی بریتانیا، ئاڵمان و فەرانسە هاوڕان لەگەڵ گەمارۆکانی ئەمریکا، وتی: وڵاتانی ئورووپایی لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن کەمکاری دەکەن.
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وڵاتانی ئورووپایی بە کات بەفیڕۆدان و کەمکاری لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن تۆمەتبار کرد.
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژە بە قسەکانی جەیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا کە وتبووی دەبێ وتووێژەکان بە خێراترین کات و لە چوارچێوەیەکی کاتی دیاریکراودا بە ئاکام بگات، ڕایگەیاند کە خێرایی و دیاریکردنی کات لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ ئێران شتێکی زۆر پێویست و زەرووری نییە.
جێگای ئاماژەیە کە جەیک سالیوان، حەوتووی ڕابردوو لە سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە پشت دەرگا داخراوەکاندا بۆ وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، کاتێکی خێرایان بۆ گەیشتن بە ئاکامێکی دڵخواز دیاری کردووە.
خەتیبزادە لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا ڕایگەیاند کە ئێران و ئەمریکا لەماوەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەندا بە شێوەیەکی نافەرمی پێوەندییان لەگەڵ یەکتر بووە لەسەر هێندێک بابەت پێکەوە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کردووە.
ناوبراو لە درێژەدا سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر قسەکانی حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی رێژیمی ئێران، وتی: دوو بەڵگەنامە و داواکاریی ئێران لە دەوری هەشتەمی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن دێتەبەر باس کە ئاکامی دەوری حەوتەمی وتووێژەکانە.
لەلایەکی دیکەوە کازم غەریبئابادی، بەرپرسی دەفتەری مافی مرۆڤ لە دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران، سەرەڕای تۆمەتبارکردنی ئەمریکا لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ بەلاڕێدابردنی وتووێژەکان، ڕۆژی دووشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران، وتی: ئەمریکا دەیهەوێت مژارەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤەوە بێنێتە نێو باسی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن.