ڕێژیمی سەرەڕۆی ئێران درێژە بە ملهۆڕییەکانی دەدات و بەردەوام پاساو بۆ ئەوە دەهێنێتەوە تاکوو مل بۆ وتووێژەکان ڕانەکێشێت.
ڕێژیمی سەرەڕۆی ئێران لە درێژەی ملهۆڕی و زێدەڕۆییەکانی لەسەر وتووێژەکانی ڤیییەن بەردەوام پاساو و بیانووی بێبنەما دەهێنێتەوە، بۆ ئەوەی کە مل بۆ وتووێژەکان ڕانەکێشێت و لە داهاتووشدا پێبەند نەبێت بە ئاکامەکانی ئەو وتووێژانە. لەم پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، هەواڵدەریی فەرمیی ڕێژیمی ئێران ‘ئیرنا”، بە ناوی سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ڕێژیم لە وتووێژەکانی ڤییەن بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران خۆی نابەستێتەوە بەو کاتانەی کە لایەنی بەرانبەری دانوستانکار دیاری دەکەن.
ئەو هەواڵدەرییەی ڕێژیم لە بەشێکی ئەم دیمانە ساختەکارانەیدا، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە ئەو دیمانەیە دژکردەوەیەکە بەرانبەر بە قسەکانی ڕۆژانی ڕابردووی “جەیک سالیوان”، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، نووسیویەتی: “بۆ ئێمە دۆخی نائاسایی لە وتووێژەکاندا نییە و ئێمە خۆمان نابەستینەوە بەو کاتە ساختانەی کە لایەنی بەرانبەری دانوستانکار دیاری دەکەن”.
هەر لە درێژەی ئەو دیمانە ساختەکارانەیەدا نووسراوە؛ ئەو کاتانەی کە لایەنی بەرانبەری وتووێژەکان دیاری دەکەن، دەبێتە هۆی گۆڕانی هێڵە سوورەکانی ئێمە، بەم هۆکارەوە ئێمە دۆخی نائاسایی لە وتووێژەکاندا قەبووڵ ناکەین.
ئەم دیمانەیەی “ئیرنا” لە کاتێکدایە کە هاوکات هەواڵدەرییەکانی تری ڕێژیمی ئێران و بەتایبەت هەواڵدەرییەکانی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران، بلاویان کردووەتەوە کە سپای پاسداران پێنجەشەممە، ٢ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، بە مەبەستی هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژاوا مانۆڕێکی سەربازیی بەڕێوە بردووە و لەو مانۆڕەدا ئامادەکاریی بۆ هێرشە مووشەکییەکانی سپای پاسداران بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئیسرائیل کراوە.
پێشتر لەم بارەیەوە “ئیسحاق هێرتزوگ”، سەرۆککۆماری ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ “جەیک سالیوان”، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، بە نیگەرانییەوە باسی لە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران و بەردەوامیی پەرەپێدانی چەکی ناوکیی و هەوڵە چڕوپڕەکانی ئیسرائیل بۆ پێشگرتن بەو ڕێژیمە کردەوە و ڕایگەیاند کە وێڕای وتووێژەکانی ڤییەن، ڕێژیمی ئێران خەریکە لە دروستکردنی چەکی ناوکیی نزیک دەبێتەوە، بەڵام بە هەر نرخێک بووە دەبێت پێش بەو ڕێژیمە بگیردرێت کە چەکی ناوکیی دروست نەکات و ئیسرائیل لەم پێوەندییەدا هەموو هەوڵیکی دەخاتە گەڕ.