ئاسەوارە مێژووییەکانی پارێزگای ئیلام بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسان و کەسانی هەلپەرەست مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە.
“بەپێی هەواڵی هەوالدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم “عەبدولمالک شەنبەزادە” بەڕێوەبەری گشتیی گەشتیاری و پیشەی دەستیی پارێزگای ئیلام لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە: “بەهۆی بەربڵاوبوونی ئاسەوارەکان، دۆخی تۆپۆگرافیی پارێزگا و تەماحی هەلپەرستان، ئاسەوارەکانی ئەو پارێزگایە مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە”.
ئەو قسانەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە بە تاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان تەنیا لەلایەن کەسانی سەر بە ڕێژیمەوە بۆ سڕینەوەی مێژوو و شوناسی کورد ئەنجام دەدرێ.
پارێزگای ئیلام لە بواری گەشتیاری و بوونی ژێرخانە گەشتیارییەکانەوە دەوڵەمەندە و دەتوانێ بێکاریی هاووڵاتییان لەو پارێزگایە چارەسەر بکا.
پاڕێزگای ئیلام زیاتر لە دوو هەزار ئاسەوار و شوێنی سەرنجڕاکێشی مێژوویی هەیە کە دەتوانێ شوێنێکی باش بۆ گەشتیارانی نێوخۆیی و بیانی بێ.
شایانی باسە کە بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پەیوەندیدار، ئەو شوێنانە لەلایەن کەسانی هەلپەرست و دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە دەستکاری دەکرێن و بەتاڵان دەبردرێن.