لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی گەندەڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ٧ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و گەندەڵی ئاخوندی، ٧ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارە جیاجیاکانی ئێران بەڕێوە چوو.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی سەندوقی خانەنشینی پۆڵا لە شارەکانی ئەهواز و ئیسفەهان لەبەردەم بینای ئیداری ئەو سەندوقە و لە شاری دامغان لە بەردەم دەفتەری کاروباری خانەنشینکراوانی ئەو شارە، کادری دەرمانی و ناوەندە دەرمانییەکانی پارێزگای قوم لەبەردەم بینای زانکۆی پزیشکی و هەروەها لەبەردەم ئۆستانداریی ئەو شارە، کۆمەڵیک لە خانەنشینکراوانی ئیدارەی موخابەراتی تاران لەبەردەم بینای وەزارەتی پێوەندییەکان لە تاران، خانەنشینکراوانی رێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی ئەهواز لەبەردەم بینای ئەو ڕێکخراوەیە و هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کارمەندانی قوتابخانەکانی تاران لەبەردەم بینای مەجلیسی ڕێژیم لە تاران بەڕێوە چوو.