مەحموود براهویی، سووتەمەنیبەری بەلووچ و خەڵکی سفیدابەی زاهیدان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە نەهبەندان گیانی لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، سووتەمەنیبەرێکی بەلووچ بە ناوی مەحموود براهویی، کە سێ ڕۆژ پێشتر هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە جاددەی سفیدابە_ نەهبەندان، ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ کردبوو بەهۆی قورسی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانەی بیرجەند گیانی لەدەست دا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە پاش ئەوەی کە هێزە چەکدارەکانی رێژیم تەقە لە مەحموود دەکەن، ماشینەکەی وەردەگەڕێ و دەسبەجێ هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم شوێنەکە بەجێدەهێڵن و ناوبراو پاش سێ رۆژ بەهۆی قورسی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دەدا.
هەروەها کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە ئاماری کوشتنی هاووڵاتییانی بەلووچ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ڕوو لە هەڵکشانە و ئەو ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو لە سەتا ١٠ زیادی کردووە.