فەرماندەی هیزە نێوخۆییەکانی ئیسرائیل دەڵێ: هەر هێرشێکی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران بە هەزاران مووشەک وڵام دەدەینەوە و ئامادەیی تەواومان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێژیمە هەیە.
لە درێژەی کێشەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئیسرائیل و بە کاردانەوە بە قسەکانی ئیبراهیم ڕەئیسی لەهەمبەر هێرش بۆسەر ئیسرائیل، ژێنێراڵ ئۆری گۆردین، فەرماندەی هێزە نێوخۆییەکانی ئیسرائیل وتی: هەر مووشەکێکی ڕێژیمی ئێران بە هەزاران مووشەک وڵام دەدەینەوە و ئامادەیی تەواومان بۆ هێرش بۆسەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران هەیە.
ژێنێراڵ ئۆری گۆردین، فەرماندەی هێزە نێوخۆییەکانی ئیسرائیل، شەوی یەکشەممە ٥ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەڕای ئاماژە بەوەی کە ئیسرائیل ئامادەیی تەواوی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی رێژیمی ئیران هەیە وتی: لە ئێستادا ئەرتەشی ئیسرائیل ئامادەیە بۆ هەر ئەگەرێکی هێرشی مووشەکی بۆسەر رێژیمی ئێران.
جیگای ئاماژەیە کە هەواڵدەرییەکانی رێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە گرتە ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردووە کە هێرش بۆسەر رێئاکتۆری ناوکیی دیمۆنای ئیسرائیلیان هاوشێوەسازیی کردووە، بەڵام پاشان دەرکەوت کە گرتە ڤیدیۆکە دروستکراو بووە و بە جێگەی ئەوەی کە بە مووشەک لە ماکێتەکە بدەن، لەنێو ماکێتەکەدا تەقینەوەیان ئەنجام داوە و بەمجۆرە هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکەن.