بەڕێوەبەریی ناوەندی توێژینەوەی شێرپەنجەی ئێران: “تێچووی دەرمانی شێرپەنجە ساڵانە زیاتر لە ٣ هەزار میلیارد تمەنە و ڕێژەی تووشبوون بەو نەخۆشییە سەتا ٤٣ بەرز بووەتەوە.”
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “ئیلنا” ڕۆژی هەینی ٣ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، “محەممەدئیسماعیل ئەکبەری”، بەڕێوەبەریی ناوەندی توێژینەوەی شێرپەنجە، لەو ڕاپۆرتێکدا وتی: “بەرچاوترین و مەترسیدارترین جۆری شێرپەنجە لە ئێراندا لە نێوان ژنان و پیاوان، شێرپەنجەی مەمکە و جۆرەکانیتر وەکوو شێرپەنجەی پێست، گەدە و ڕیخۆڵەی گەورە لە بەرچاوترین جۆری ئەو نەخۆشییەن و ساڵانە زیاتر لە سێ هەزار میلیارد تمەن، تێچووی دەرمانی شێرپەنجەیە، لە کاتێکدا هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر هێندێک لەو نەخۆشانە نابێ.
بە وتەی ناوبراو سەتا ٢.٥ی منداڵانی ژێر تەمەنی ١٢ ساڵ لە ئێران تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوون و زیاترین تووشبووانیش کەسانی سەرووی تەمەن ٦٠ ساڵ دەگرێتەوە و بە سەرنجدان بە چوونەسەری تەمەنی حەشیمەتی ئێران لە هێندێک لە پارێزگاکان شێرپەنجە دوو هێندە زیادی کردووە.
لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا کە ڕۆژنامەی هەمشەهری بەپێی دەرەنجامی توێژینەوەیەک باسی لە بەرزبوونەوەی سەتا ٤٣ی تووشبووان بەو نەخۆشییە کردووە و ئاماژەی بەوەش کرد کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٠ بەبەراورد لەگەڵ شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٩٩ سەتا ٢١ بەرز بووەتەوە.
بەپێی دوایین زانیارییەکانی ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی، ساڵانە ٣ هەزار و ٥٠٠ منداڵ لە ئێران تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن کە لە هەر دوو کەس یەک کەس گیانی لەدەست دەدا.