پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکانی شاری سەقز و ژەهراوییبوونی ئاوی گوندی “کوچکی خواروو” بە ماددەی ئاڕسێنیک، گیانی هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیەی خستووەتە مەترسییەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، ئاوی گوندی کوچکی خواروو سەر بە شاری سەقز ماوەی چەند ساڵە کە تێکەڵ بە ماددەی ژەهراوی ئاڕسێنیک بووە و بەرپرسانی ڕێژیم بە ترساندنی دێهیار و شۆراکانی گوندی کوچکی خواروو بەرگرییان کردووە لە ئاگادارکردنەوەی خەڵکی گوندەکە.
بەپێی وتەکانی دێهیاری گوندی کوچکی خواروو بەرپرسانی ڕێژیم لە ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆ لە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاویدا، شۆرا و دێهیاری ئەو گوندەیان بانگهێشتی ئەو ئیدارە کردووە و وتوویانە کە ئاوی گوندەکەتان تێکەڵ بە ماددەی ژەهراوی ئاڕسێنیک بووە و بۆ پێشگرتن بە ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک ئەوانیان ترساندووە کە دەبێ ئەوە وەکوو نهێنییەک بمێنێتەوە و نابێ باسی بکرێ تا چارەسەر دەبێ و لەو کاتەوە بە هێنانی تانکێری ئاو کە خودی ئەو تانکێرە ئاوانەش سەرچاوەی نەخۆشین، هەوڵیان داوە کە سەرپۆش بنێنە سەر ئەم گرفتە.
بەپێی وتەی شایەتحاڵان، زۆربەی خەڵکی گوندی کوچکی خواروو تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی سییەکان باانە و هەر بەم هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە و خەڵک پاش دوو ساڵ لە هەڕەشەکردنی دەوڵەت بەم ڕاستییەیان زانیوە کە ئاوی گوندەکەیان تێکەڵ بە ژەهری ئارسێنیکە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ماوەیەکی زۆرە تام و بۆنی خراپی ئاوی خواردنەوەی سەقز و هۆکارەکانی بووە بە کێشە بۆ خەڵکی ئەم شارە و بە تێکڕایی خەڵکی ئەم شارە گلەیی لە دۆخی ئاوی خواردنەوەی سەقز دەکەن کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕشتنی زبڵ و زاڵ و پاشەڕۆی ئاژەڵان لە دەوربەری دوو بەنداوی چراغ وەیس و لەگزی کە ئاوی خواردنەوەی خەڵکیشاری سەقز لەم دوو بەنداوە دابین دەکرێ.
لە ئێستادا کەڵەکەبوونی پاشەڕۆی ئاژەڵان لە لێواری گوندەکانی سەرەوەی بەنداوەکان بووەتە کێشەیەکی سەرەکی و هەموو ساڵێک بەشێک لەو پاشەڕۆیانە لەگەڵ ئاوی باران یان لافاودا دەڕژێنە ناو ڕووبار و بەنداوەکانی ئەو شارە و باقی شارەکانی پارێزگای سنە کە لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی نەخۆشی و کێشە بۆ خەڵک و لایەنە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمیش وەکوو هەمیشە تەنیا لە دوورەوە دەڕواننە کێشەکان و هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنیان نادەن.