ڕێوڕەسمی پرسە و رێزگرتن لە خۆراگریی شەهید حەیدەر قوربانی لە شاری دارمشتادی ئاڵمان بەڕێوەچوو.
لە ڕێکەوتی ٢١ی دێسامبری ٢٠٢١ی زایینی، کوردستانیانی دەرەوەی وڵات لە شاری دارمشتادی وڵاتی ئاڵمان، کۆرێکیان بۆ پرسە و رێزگرتن لە خۆراگری شەهید حەیدەر قوربانی پێک هێنا.
بەڕێز خالق شەریفی بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و دواتر ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدان ڕێوڕەسمەکەی کردەوە. پاشان بەڕێز جەھانگیر قوربانی بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی شەھید حەیدەر پەیامێکی پێشکەش کرد. ناوبراو سپاس و پێزانینی خۆی و بنەماڵەکەی بۆ ئامادەبووان و خەڵکی کوردستان دووپات کردەوە و جەختی لە یەکریزی و یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان کردەوە و هیوای خواست لە داهاتووشدا گەلی کوردستان هەر بەم چەشنە یەکگرتوانە دژی کۆماری پەت و سێدارەی ئیسلامیی ئێران بوەستنەوە. دواتر نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیامێکی پڕ ناوەڕۆکی پێشکەش کرد و ڕێزی لە بنەماڵەی قوربانی بۆ ئەم هەموو قوربانیدان و تێکۆشانە گرت و هاوخەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بۆ ئەم جینایەتەی ڕێژیمی ئاخوندی دەربڕی.
بەدوای ئەودا بەڕێز سەدیق بابایی تێکۆشەری دێرین و کەسایەتیی دیار و نیشتمانپەروەرو ھەروەھا بەڕێز ئەحمەد باب نوێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پەیامی خۆیان پێشکەش کرد و ئاوڕیان لەسەر ورەی بەرزی شەهید حەیدەر و ناوچەی خۆڕاگری کامیاران دایەوە و پەیامی هاوخەمی خۆیان بۆ بەشداربووان و خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند. پاشان کاک کەمال عەلیدوست شێعرێکی بۆ یادی شەهیدانی دەستی ڕێژیمی پەت و سێدارە پێشکەش کرد. دوابەدوای ئەم نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێز حامید بەراتی پەیامی هاوخەمی حیزبەکەی بۆ بنەماڵەی شەھید حەیدەر قوربانی پێشکەش کرد و جەختی لەیەکڕیزی و یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکان کردەوە. دواتر کوڕی شەهید حەیدەر قوربانی (هێمن قوربانی ) سپاسی ئامادەبووان و خەڵکی کوردستانی بۆ ئەم بەهاناهاتنەوە کرد و پەیمامی دا، کە تا وەدیهێنانی ئامانجەکانی باوکی شەهیدی لە تێکۆشان بەدژی ئەم ڕێژیمە جینایەتکارە نەوەستێ. لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا نوێنەری پەژاک بەڕێز فەرشید عزیزخانی پەیامی هاوسۆزی خۆی بۆ بنەماڵەی قوربانی و خەڵکی کوردستان پێشکەش کرد. نوێنەرایەتی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستانیش پەیامێکیان ڕوو لە بنەماڵەی شەھید حەیدەر ناردبوو کە لەلایەن هاورێ خالەق شەریفی خوێندرایەوە. کۆتایی کۆڕەکە پەیامی بنەماڵەی نیشتمانپەروەری مستەفا سوڵتانی بوو کە وێڕای ھاوخەمی جەختیان لە یەکڕیزی گەلی کورد کردەوە و بەم جۆرە بە قەسیدەیەکی شاعیری نەمر شێرکۆ بێکەس لەلایەن کۆڕگێڕەوە کۆتایی بە ڕێوڕەسمەکە ھات.