ڕێژیمی سەرەڕۆی ئێران فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی خۆی لە ڕێگەی گرووپە میلیشیایی و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانییەوە لە سووریە تاقی کردەوە.
ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری ئێران لە درێژەی زێدەڕۆی و سەرەڕۆییەکانی لە ناوچەکە و بەتایبەت لەو وڵاتانی ژێر هێژموونی خۆی، سەرەڕای دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕییەکانی لەو وڵاتانە و بەفیڕۆدانی سامانی وڵاتی ئێران بەمەستی ئامانجە نەشیاو و قڕێژەکانی و کوشتنی هەزاران کەس و کاولکاریی شار و ناوچەکانی ئەو وڵاتانە، چەکۆچۆڵ و کەرەستە سەربازییەکانی خۆشی لەسەر خەڵکی ئەو وڵاتانە و لە شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتانە تاقی دەکاتەوە.
لەم پێوەندییەدا بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، گرووپ و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە، کۆمەڵێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تازەدروستکراوی ڕێژیمی ئێرانیان لە چۆلگە و پێدەشتەکانی “ئەلمیادین” لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای “دیرەزوور”ی وڵاتی سووریەدا تاقی کردووەتەوە و ئامانجی سەرەکیی ڕێژیمی ئێران لەو تاقیکارییە، پتەوکردنی مۆڵگەکانی لە ڕۆژاوای ڕووباری فوڕاتە.
بەپێی سەرچاوەکانی ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، یەکێک لە جۆرەکانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە، فڕۆکەی “ئەبابەیلی ٣”ـیە کە بەسەر ناوچەکانی پارێزگای “دیرەزوور”دا هەڵفڕیوە و دوای چەند کاتژمێر گەڕاوەتەوە بۆ مۆڵگەکانی گرووپە میلیشیایییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.
شایانی باسە کە ئەو بنکەیەی سەر بە ڕێژیمی ئێران کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی هەڵفڕاندووە، بنکەیەکی تایبەت بە چەکوچۆڵ و تەقەمەنی و جۆرەکانی چەکی قورسە و هاوکات مۆڵگەیەکی ڕاهێنانی تێرۆریستانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانە.