بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بینایەک لە شاری “کرماشان” دوو کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ٢٣ کەسیش بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی کۆماری ئیسلامی، شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٤ی بەفرانباری هەتاوی، لە شاری کرماشان ئاگر لە بینایەکی ٩ نهۆمی کەوتەوە کە بوو بەهۆی گیان لەدەستدانی ژنێک و منداڵێک. “فەرهاد فەرهوودی” بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی کرماشان لەو بارەوە، وتی: “هەتا ئێستا ١٢ کەس لەو ئاگرکەوتنەوەیەدا بریندار بوون، هەروەها ٢١ کەسیش ڕزگاریان بووە و زیانی ماددی وەبەر بینایەکە کەوتووە”.
شایانی باسە کە زۆربەی بینا گەورەکانی پارێزگای کرماشان کەرەستەی پێشکەوتووی ئاگرکوژێنەوەیان نییە و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەکاتی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەدا زیانی گیانی و ماڵیی زۆر بێتە ئاراوە.