گرووپی حیزبوڵای لوبنان سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە بەرانبەر هێرشە چڕوپڕەکانی ئیسرائیل بۆسەر مۆڵگەکانی لە ناوچەکە، بێدەنگیی هەڵبژاردووە.
ئیسرائیل بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی زێدەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و جیهان لە ڕێگای گرووپ و هێزە میلیشیاییەکانییەوە، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام هێرشی چڕوپڕی کردووەتە سەر مۆڵگە و بنکە و حەشارگەکانی هێز و گرووپ و تاقمەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە وڵاتانی ناوچەکە و زەبری گورچبڕی لێیان داوە و دەستیانی لە زۆر شوێنی ناوچەکە کورت کردووەتەوە، بەتایبەتی لەسەر ناوچە سنوورییەکانی نزیک بە دەوروبەری وڵاتی ئیسرائیل.
لە ئاکامی ئەو هێرشانەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆسەر هێز و گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، وێڕای کوشتن و لەنێوبردنی سەدان کەس لە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و خاپوورکردنی سەدان مۆڵگە و حەشارگەی فەرمیی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکە و لەنێوبردن و تێکشکاندنی سەدان ماشین و کەرەستەی سەربازی و دەستبەسەرداگرتنی هەزاران چەکوچۆڵی جۆرواجۆری ئەو ڕێژیمە، بەرپرسان و کاربەدەستانی سەربازیی و سیاسیی کۆماری ئیسلامی تاکوو ئێستە بێدەنگییان هەڵبژاردووە و جیا لە هەڕەشەگەلێکی ڕواڵەتیی جاروبار نەبێت، هێشتا نەیانتوانیوە هیچ هەنگاوێکی کردەوەیی لە بەرانبەر ئیسرائیلدا هەڵبگرن.
هاوکات هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە، گرووپە میلیشیایییەکانی سەر بەو ڕێژیمەشی گرتووەتەوە و یەکێک لەو گرووپانە، حیزبوڵای لوبنانە کە لە ناوچەکە بەردەوام بووەتە ئامانجی هێرشەکانی هێزەکانی ئیسرائیل و خەسارێکی لەڕادەبەدەری گیانی و ماددیی پێ گەیشتووە، بەڵام ئەم گرووپە تاکوو ئێستا هیچ کاردانەوە و دژکردەوەیەکی لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی ئیسرائیلدا نەبووە و نەیونوێراوە تەنانەت هەڕەشەش بکات.
لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی “جێروزالێم پۆستـ”ـی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە بەرپرسانی ئەمنییەتی و هەواڵگریی ئیسرائیل ڕایاگەیاندوووە؛ هێزەکانی ئیسرائیل لەماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا، بەردەوام هێرشی چڕوپڕیان کردووەتە سەر حیزبوڵای لوبنان لە ناوچەکە و زۆرجار زەبری کاریگەرییان لەو گرووپە داوە، بەڵام تاکوو ئێستا حیزبوڵا نەیوێراوە هیچ کاردانەوە و دژکردەوەیەکی هەبێت.