“حەسەن قوربانی” برای شەهید “حەیدەر قوربانی” لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا سپاسی هەموو خەڵکی کوردستانی کرد.
حەسەن قوربانی لە سەرەتای پەیامەکەیدا وێڕای ناردنی سڵاو و سپاس و ڕێزی تایبەت لەلایەن بنەماڵەی شەهید “حەیدەر” ەوە، دەستخۆشی لە تەواوی خەڵکی کوردستان کرد و سپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە لە سەرەتای دەسبەسەرکردنی براکەیەوە هاودەرد و هاوخەمی ئەو بنەماڵەیە بوونە .
حەسەن قوربانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە؛ بەپێی یاسای خودی کۆماری ئیسلامیی ئێران حوکمی “حەیدەر قوربانی” ئێعدام نەبووە و هەروەها دوو پارێزەرەکەی ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە بەپێی یاسای تاوانی ئیسلامی، حوکمی “حەیدەر قوربانی” ئێعدام نەبووە و ڕێژیمی ئێران ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی بەناحەق لەسێدارە داوە.
حەسەن قوربانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت؛ ڕەنگە سەرەتا شەهید “حەیدەر” تا کاتی ئێعدامکردنی لە گۆشەی زینداندا بووبێ، بەڵام ئەمڕۆ لە دڵی هەر کوردێکی بەشەرەف و خاوەن کەرامەت و نامووسدا جێی گرتووە و هیوا دەخوازێ کە خەڵکی کورد ڕێگا و ڕێبازی شەهید “حەیدەر” درێژە بدەن.