“سەید نەجمەدین ئەنیسی” شاعیر، نووسەر و لێکۆڵەری خەڵکی مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ڕۆژی هەینی ٣ی بەفرانبار “سەید نەجمەدین ئەنیسی” ناسراو بە “بەهار مەهابادی”، شاعیر، نووسەر و لێکۆڵەری خەڵکی شاری مەهاباد بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە لە نەخۆشخانەی ئەو شارە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
خوالێخۆشبوو لە سەرەتای لاوێتییەوە ئۆگرییەکی زۆری بە زمان، ئەدەبیات و فەرهەنگی کوردی هەبووە و لەو چوارچێوەیەدا خزمەتێکی بەرچاوی بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی کردووە و ڕۆڵێکی کاریگەری لە کۆکردنەوە و ڕێکوپێککردنی شێعری شاعیران و ئەدیبان و هەروەها مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا بینیوە.
سەید نەجمەدین ئەنیسی، تا ئێستا دەیان بەرهەمی لە کۆکردنەوە و ڕێکوپێککردنی شێعری شاعیران و ئەدیبانی کورد لە چاپ داوە کە بەشێکیان بریتین لە: دیوانی حەقیقی، دیوانی ئاوات (سەید کامیل ئیمامی)، دیوانی ئەحمەدی کۆر، دیوانی سابیری، دیوانی چاوەش و دیوانی زەبیحی و…
شایانی باسە کە بەرهەمێکی “ئەنیسی” بە ناوی “ئاوێنەی موکریانی” کە لە ٢٤ بەرگدا نووسراوە، هێشتا چاپ نەبووە. هەروەها دیوانی شێعرەکانی کە لە چەندین قاڵبدا و بە نێوەڕۆکی ئەوینداری و عیرفانی و کۆمەڵایەتی نووسراون، هێشتا چاپ نەکراون.
سەید نەجمەدین ئەنیسی ڕۆژی شەممە ٤ی بەفرانبار، لە گۆڕستانی مەهاباد لە بەشی ناوداران و هونەرمەندان بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.