یەکیەتیی ئورووپا، ئەمریکا، فەرانسە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، کوەیت، قەتر و دەوڵەتی یاساییی یەمەن، هێرشە مووشەکییەکەی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە رێژیمی ئێرانیان بۆسەر خاکی عەرەبستان کە بوو بەهۆی کوژران و برینداربوونی ٩ کەس لە خەڵکی مەدەنیی ناوچەی جازان بە توندی مەحکوم کرد.
پاتریک سیمۆنە، باڵوێزی یەکیەتیی ئورووپا لە عەرەبستان، ڕۆژی شەممە ٤ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، هێرشی مووشەکی و بەزاندنی سنوور لەلایەن میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی بۆ سەر ناوچەی جازانی عەرەبستان بە توندی مەحکوم کرد.
هەر لەم پێوەندییەدا باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عەرەبستان، هێرشە مووشەکییەکەی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە رێژیمی ئێرانی بۆسەر شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی کە بوو بەهۆی کوژران و برینداربوونی ٩ کەس، بەتوندی مەحکوم کرد و داوای ڕاوەستانی خێرای هێرشی میلیشیا حووسییەکان بۆسەر خاکی عەرەبستان کرد.
باڵویزخانەی ئەمریکا لە عەرەبستان لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای مەحکومکردنی هێرشی میلیشیا حووسییەکان بۆسەر عەرەبستان رایگەیاند کە ئەو هێرشانە گیانی هاووڵاتییانی عەرەبستان و ٧٠ هەزار هاووڵاتیی ئەمریکایی دانیشتووی عەرەبستان دەخاتە مەترسییەوە و داوا لە حووسییەکان دەکەین کە کۆتایی بە شەڕ و دەستدرێژییەکانیان بۆسەر وڵاتی عەرەبستان بهێنن و لە رێگەی وتووێژەوە چارەسەری کێشەکانیان لە یەمەن بکەن.