میرمنداڵێکی بەلووچ بە ناوی “عوسمان بامەری” بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەراوان گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕۆژی شەممە ٤ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، میرمنداڵێکی بەلووچ بە ناوی” عوسمان بامەری” بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە سنووری کەڵگان لە شاری سەراوان گیانی لەدەست داوە.
شایانی باسە کە عوسمان بامەری بە ماتۆڕسیکلێت لە سنووری “کەڵگان”ی شاری سەراوان، سووتەمەنی دەگواستەوە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای پاسداران گیانی لەدەست داوە.
هەروەها کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندوو کە ئاماری کوشتنی هاووڵاتییانی بەلووچ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ڕوو لە هەڵکشانە و ئەو ئامارە بە نیسبەت ساڵی ڕابردوو لە سەتا ١٠ زیادی کردووە.