هێرشە ئاسمانییەکانی هێزی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆسەر میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە پارێزگاکانی مەرئەب و ئەلجووف بوو بەهۆی کوژرانی ٢٢٣ کەس لە میلیشیا حووسییەکان و تێکشکاندنی ١٧ ماشینی سەربازیی ئەو گرووپە میلیشیاییە.
هێزی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی یاساییی یەمەن، ڕۆژی شەممە ٤ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ٤٠ هێرشی ئاسمانییان کردۆتە سەر میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕیژیمی ئێران لە پارێزگاکانی مەرئەب و ئەلجووف و لە ئاکامدا ٢٢٣ میلیشیای حووسی کوژراون و ١٧ ماشینی سەربازیی ئەو گرووپە میلیشیاییە بە تەواوەتی تێکشکاوە.
هەر لەم پێوەندییەدا سەرچاوە سەربازییەکانی نزیک لە دەوڵەتی یاساییی یەمەن ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی هێزی هاوپەیمانی بۆسەر میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، میلیشیا حووسییەکان بە ناچار مۆڵگەکانیان لە ناوچەی ڕەمڵە سەر بە پارێزگای مەرئەب بەجێهێشتووە و پاشەکشەیان کردووە.