سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، لە چەواشەکارییەکدا سەرەڕای ناوبردنی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم بە پارێزەری ئەمنییەتی گەلانی ناوچەکە، وتی: هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وڵامێکی خێرا و توند بە هەر جۆرە هەڕەشەیەک بۆسەر بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی دەدەنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیم، ڕۆژی شەممە ٤ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی بە ئاماژە بە مانۆڕی سەربازیی سپای پاسداران لە ئاوەکانی ئێراندا وتی: هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەن وڵامێکی خێرا و توند بە هەرجۆرە ئەگەری هێرشێک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران بدەنەوە و هیچ وڵاتێک ناتوانێ هێرشی سەربازیی بکاتە سەر خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
جێگای ئاماژەیە کە ئەو مانۆڕە سەربازییەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکانی ئیسرائیل بەدژی دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران و تەنیا دوو ڕۆژ پاش شکستی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن دەستیپێکردووە.
شایانی باسە کە هەر لەم پێوەندییەدا محەممەدحوسێن باقری، بەرپرسی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەو مانۆڕە سەربازییانە وڵامێکە بۆ هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بەدژی ئێران.