لە ماوەی وەرزی پاییزدا دەیان کرێکاری کورد لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران بوونەتە قوربانیی ڕووداوی کار کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناو و ناسناوی لانیکەم ١١ کرێکاری کوردی ئاشکرا کردوە کە بەهۆی جۆراوجۆری وەک بەربوونەوە لە بەرزایی و بڕق گرتوویی گیانیان لە دەست داوە.
چاونیوز لە وەرزی هاوینیشدا ناو و ناسناوی ١٦ کەس و لە وەرزی بەهاریشدا ناو و ناسناوی ١٥ کرێکاری گیانبەختکردوو بەهۆی ڕووداوی کاری ڕاگەیاندبوو، بەو پێیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئیستا لانیکەم ٤٢ کرێکاری کورد بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە.
بڵاونەبوونەوەی ئاماری دەقیقی ناو و نیشانی قوربانییانی ڕووداوی کار لەلایەن ناوەندە ڕەسمییەکانی حکوومەتییەوە یەکێکی دیکە لە کێشەکانی ئامارگیری لەو پێوەندییەدایە. بۆ نموونە بێهتاش خانیئاباد، بەڕێوەبەریی پزیشکیی یاسایی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە کە تەنیا لە ٤ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لەو پارێزگایە، ١٥٩ کرێکار بە ڕووداوی کار بریندار بوون. هەروەها ڕووداوی کار پاش ڕووداوی هاتوچۆ بە دووهەمین هۆکاری مردن لە ئێران دادەنرێ.
ژمارەی قوربانییانی ڕووداوی کار لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ڕابردوو (١٣٩٩)شدا زیاتر لە ١٥٠ کەس بووە کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناو و شوناسی ٧٦ کەس لەوانی تۆمار کردوە، ئەوە جیا لەو سەدان کەسەی بەهۆی ڕووداوی کار و لە نەبوونی ستانداردە ئەمنیەتییەکاندا بریندار و نقوستان بوون.