لە نێو دەیان کەس لە کوردستا کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین، “چاونیوز” ناوی ١٨ کەس لەوان و شوێنی ڕووداوەکەی ئاشکرا کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی “چاونیوز” لە سێهەمین وەرزی ئەمساڵدا لانیکەم ٢٥ کەس لە کوردستان بوونە قوربانیی تەقینەوەی مینە لەکارنەخراوەکان کە “چاونیوز” توانیویەتی ناونیشانی ٧ کەس لەوان کە لەوسۆنگەیەوە بریندار بوون و ئەندامێکی جەستەیان لەدەست داوە، ئاشکرا بکا.
تەقینەوەی مین لە کوردستان لە سێ مانگی هاوینیشدا زیاتر لە ١٢ قوربانیی لێ کەوتبۆوە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی ٤ کەس لەوانی ئاشکرا کردبوو کە بەو هۆیە گیانیان لەدەست دابوو. لە وەرزی بەهاریشدا چاونیوز شوناسی ٧ کەسی ئاشکرا کردبوو کە بەهۆی تەقینەوەی مین کوژرابوون، یان گیانیان لەدەست دابوو. بەو پێیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ناونیشانی ١٨ قوربانیی تەقینەوەی مین لە کوردستان ئاشکرا بووە کە ٨ کەسیان کوژراون و ١٠ کەسیشیان نقوستان بوون.
خاڵێکی گرینگ لە پێوەندی لەگەڵ تەقینەوەی مین لە کوردستان ئاشکرانەکردنی ناو و ناسناوی قوربانییان لەلایەن ناوەندی رەسمییەکانی حکوومەتە. بۆ نموونە مەجید کاکی، فەرمانداری شاری مێهران لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی “فارس” ڕایگەیاندوە کە لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا، ٧ تەقینەوەی مین لە شاری مێهران ڕووی داوە کە بەو هۆیەوە کەسێک کوژراوە و ١٠ کەسیش بریندار بووە. ئەوە لە حاڵێکدایە ناونیشانی ئەو ١١ کەسە لە هیچ سەرچاوەیەکی هەواڵ تۆمار نەکراوە.
جێی باسە ژمارەی قوربانییانی مینە لەکارنەخراوەکان لە ساڵی ڕابردووشدا لانیکەم ٥٠ کەس بوو کە ناو و ناسناوی ٣١ کەس لەوان بۆ میدیاکان و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ ئاشکرا بوو. بەپێی زانیارییەکانی “چاونیوز” لەو ٣١ کەسە ٢١ کەسیان بریندار و نقوستان و ١٠ کەسیشیان کوژرابوون.