لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە سەد مامۆستای ناڕازی کە لە خۆپێشاندان و مانگرتنەکانی مامۆستایانی کوردستان و ئێران بەشدارییان کردبوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کراون.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا مامۆستایانی قوتابخانەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لەسەر جێبەجێنەکردنى هاوسانسازى و پلەبەندى و پێشێلکردنى مافەکانیان و هەروەها کهمبوونی مووچه و ههڵاواردنی سیستماتیک لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە، بە شیوەیەکی چڕوپڕ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرانسەرییان بەڕێوە بردووە و سەرەڕای هەڕەشە و گوشارەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، هەنووکەش لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانیان بەردەوامن.
لەم پێوەندییەدا “محەمەد حەبیبی”، وتەبێژی کانونی سێنفیی مامۆستایان و بەندکراوانی سیاسیی پێشوو، لە تویتێکدا لە لاپەڕەی تویتێری خۆی نووسیویەتی؛ زیاتر لە سەد کەس لە مامۆستایانی ناڕازی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کراون و لە ناوەندە بە ناو ئەمنتییەتییەکانی ئەو ڕێژیمە هەڕەشەیان لێکراوە و پێیان ڕاگەیاندوون کە دەبێت کۆتایی بە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بهێنن و مانگرتنەکان هەڵوەشێننەوە.
محەمەد حەبیبی، لە بەشێکی تری تویتەکەیدا وێڕای ئاماژە بە چاوەدێریی هێزە سرکوتکەر و تیرۆریستەکانی ڕێژیم بەسەر کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان لە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕایگەیاندووە؛ سەرەڕای هەوڵی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ هەڵوەشاندنەوەی مانگرتنەکان و کۆتاییهێنان بە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان، دیسان مامۆستایان بە شکۆ و بە دروشمی “مامۆستای بەندکراو دەبێت ئازاد بکرێت”، لەسەر خۆپێشاندان و مانگرتن بەردەوامن.