جێگری پێشووی فەرماندەی قەرارگای سارۆڵا: ئەشکەنجەمان نییە، بێخەوی دەکێشێن و ناوی ئەشکەنجەی لێ دەنێن.
محەممەد ئیسماعیل کەوسەری، جێگری پێشووی فەرماندەی قەرارگای سارۆڵای تاران و نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، لە وتوێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی “ئینساف نیوز” کە ڕۆژی هەینی ٤ی بەفرانبار بڵاو بووەوە ئەشکەنجە کردنی تاوانبارانی لە بەندیخانەکانی ئەو ڕێژیمەدا ڕەتکردەوە و وتی کە بە هیچ شێوەیەک ئیزن بە بەرپرسان نادرێ بەندکراوان ئەشکنجە بکەن و بەشێک لەو دەسبەسەر کراوانە بێخەوی دەکێشن و خەویان لێ ناکەوێ و دەڵێن ئێمەیان ئەشکەنجە داوە لە کاتێکدا وانییە.
پێشتریش کازم غەریب ئابادی، بەڕێوەبەری ناوەندی مافی مرۆڤ و جێگری کاراوباری نێونەتەوەیی دەزگای قەزایی، لە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزدا سەبارەت بە بڕیارنامەی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پێوەندی لەگەڵ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئەشکەنجە کردنی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا دژکردەوەی نیشاندا و ئەو قسانەی ڕەتکردەوە.
بەکارهێنەرانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە دژکردەوە بەو قسانەی ناوبراو “هاشتەگی ئەشکەنجە کراوم” سەبارەت بە ئەشکەنجە کردن لە کۆماری ئیسلامیدا وەبیر هێنانەوە.
ئەو قسانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە بێجگە لەو بەڵگەگەلەی کە ناوەندە مرۆییەکان و ئەشکەنجەکراوان خستوویانەیەڕوو و ئەو فیلمگەلەی کە لە هاککردنی کامێراکانی بەندیخانەی ئێڤین دەرکەوتووە، ساڵانە بە سەدان کەس لە خەڵکی بێ گوناح لەلایەن ناوەندەکانی سەر بە ڕێژیمەوە بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەسبەسەر دەکرێن و لە بەندیخانە و گرتنگەکانی کۆماری ئیسلامیدا بە دڕندانەترین شێوە ئەشکەنجە دەکرێن و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەست دەدەن.