هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە زاهێدان بە بێ هیچ ئاگادارکردنەویەک، ڕاستەوخۆ تەقە لە ماشینکی پژۆ ٤٠٥ دەکەن و لە ئاکامدا ٤ هاووڵاتیی بەلووچ دەکوژرێن و بریندار دەبن.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، شەوی پێنجشەممە لە سەر هەینی ٢ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە زاهێدان ڕاستەوخۆ تەقە لە ماشینێکی سەواری لە جۆری پژۆ ٤٠٥ دەکەن و لە ئاکامدا دوو کەس بەناوەکانی” ئارمین حوسێن زێهی و حیسام میربەلووچ زێهی” گیانیان لە دەست دەدەن دوو کەسی دیکەش بریندار دەبن.
کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە بێ ئاگادارکردنەوە و بە گومانی قاچاخ تەقەیان لەو ماشینە کردووە و دەسبەجێ دوو هاووڵاتیی بەلووچ کوژراون و دوو کەسی دیکەشیان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە کە باری تەندروستییان ناجێگیرە.
کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندوو کە ئاماری کوشتنی هاووڵاتییانی بەلووچ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ڕوو لە هەڵکشانە و ئەو ئامارە بە نیسبەت ساڵی ڕابردوو لە سەتا ١٠ زیادیکردووە.