کۆمیتەی ماڵیی پارلمانی ئیسرائیل ڕەزامەندیی خۆی لەهەمبەر زیادکردنی” ٢.٩ “میلیارد دۆلار بە بوددجەی سەربازیی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران دەربڕیوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی” ئیسرائیل هیوم” کە ڕۆژی هەینی ٣ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاو بۆتەوە، کۆمیتەی ماڵیی پارلمانی ئیسرائیل، سەرەڕای ڕەزامەندی دەربڕین لەهەمبەر زیادکردنی بوودجەی سەربازیی ئەرتەشی ئیسرائیل، کۆمەڵێک گەڵاڵەی دیکەی لە پێوەندیی لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ئیسرائیل بەدژی ڕێژیمی ئێران پەسەند کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕۆژنامە ئیسرائیلییەدا هاتووە کە زیادکردنی بوودجەی ئەرتەشی ئیسرائیل لە چوارچێوەی ئامادەکاریی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ هێرشی سەربازیی بەدژی ڕێژیمی ئێرانە لە ئەگەری شکستی دیپلۆماسی و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی، بۆ پێشگرتن لە سەرەڕۆییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران پەسەند کراوە.