هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئێسلامی لە شاری کامیاران دوو هاووڵاتیی تری ئەو شارەیان دەسبەسەر کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجەشەممە، ٢ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، دوو هاووڵاتیی تری خەڵکی شاری کامیاران بە ناوەکانی “سیروان قوربانی” و “بورهان کەمانگەر” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لەو شارە، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی، دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنکی نادیار گوازراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هۆکاری دەسبەسەربوونی ئەو دوو هاووڵاتییە بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی شەهید “حەیدەر قوربانی” ڕاگەیەندراوە و تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو دوو هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوە لەبەرەدەستدا نییە.
سیروان قوربانی، چالاکی ژینگەپارێزییە کە پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، جارێکی تر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری سنە، ماوەی مانگ ٣ مانگ بەندکرانی تەعزیری و ٣ ساڵیش تەعلیقی بۆی بڕاوەتەوە.
هەروەها بورهان کەمانگەر، لە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دوو جاری تر و لە دوو ڕێکەوتی جیاوازدا بە بیانووی هاوکایی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەسبەسەر کراوە و ۵ ساڵ بەندکرانی تەعزیری بۆی بڕاوەتەوە کە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیم له پارێزگای سنەوە کەم کراوەتەوە بۆ ٢ ساڵ.
شایانی باسە کە بورهان کەمانگەر، لە خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە شاری سنە، ئازاد کراوە.