مەڵا محەممەدمیرزا ڕەحمانی، مامۆستای ئایینیی یەکێک لە گوندەکانی کامیاران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، مەڵا “محەممەدمیرزا ڕەحمانی”، مامۆستای ئایینیی گوندی “لون سادات”ی سەر بە شاری کامیاران، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئاخوندی لە شاری کامیاران، دەسبەسەر کرا.
بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەز، کە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت کامیاران و دەوروبەری، لە شەهیدبوونی شەهید “حەیدەر قوربانی” ئاگادار بوونەوە، لە پێش ماڵی شەهید حەیدەر کۆ بوونەوە و لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا هاودەردییان لەگەڵ بنەماڵەی شەهید حەیدەر دەربڕی کە لەو ڕێوڕەسمەدا مامۆستا محەممەدمیرزا ڕەحمانی چەند وتەیەکی بەنرخی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
شایانی باسە کە ڤیدیۆی قسەکانی مامۆستا مەڵا محەممەدمیرزا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەیەکی بەربڵاو بڵاو بووەتەوە و لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پێشوازییەکی باش و بەرچاوی لێ کرا.