مامۆستایان و فەرهەنگییانى شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە نیشانەی ناڕەزایەتی، خۆپێشاندان و مانگرتنیان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە درێژەی ناڕەزایەتیی مامۆستایانی کوردستان و ئێران، ڕۆژی پێنجشەمە، ٢ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و شارەکانی تری ئێران، بۆ ناڕەزایەتیی بە دژ بە جێبەجێنەکردنى هاوسانسازى و پلەبەندى و پێشێلکردنى مافەکانیان لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە، لە خۆپیشاندان و مانگرتنەکانیان بەردەوامن و بەرپرسانی ڕێژیمیش هەڕەشە لەو مامۆستایانە دەکەن کە لەو خۆپیشاندان و مانگرتنانەدا بەشدارییان کردووە.
ئەو شارانەی کوردستان کە مامۆستایان خۆپیشاندان و مانگرتنیان بەڕێوە برد بریتین لە: شێروان، چوارمەحاڵی بەختیاری، ئیلام، کرماشان، هەمەدان، مەریوان، سنە، سەقز، بۆکان، سەردەشت، ورمێ و چەندین شاری تری کوردستان، هەروەها ئەو شارانەی ئێران کە مامۆستایان خۆپیشاندان و مانگرتنیان بەڕێوە برد بریتین لە: کەرەج، شیراز، نۆشەهر، گیلان، قەزوین، تەورێز، مەشهەد، بووشێهر، ڕەشت، فیروزئاباد، یەزد، نیشابوور، ڕامهۆرمز، سەبزەوار، تاران، یاسووج، ئیسفەهان، ساری، کەرەج، ئیزە، مەلایر، بابۆل، گوڵپایگان، نووریاو مەەسەنى، شەهرزا، بەهمەئی، شاهروود، یەزد و چەندین شاری تری ئێران مانگرتنی مامۆستایانی ناڕازی بەڕێوە چوو.
سەرەڕای هەڕەشەکانی ڕێژیم لە مامۆستایان و هەوڵەکانیان بۆ بەڕێوەنەچوونی مانگرتنەکانی مامۆستایان، مانگرتنەکانی مامۆستایانی ناڕازی بە شێوەیەکی چڕوپڕ بەڕیوە و چوو و هێزەکانی ڕێژیمیش هێرشیان کردووەتە سەر بەشێک لە خۆپیشاندەران و مامۆستایانی مانگرتووی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان.