بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەرەڕای هەموو گوشار و هەڕەشەکانی ناوەند و هێزە سەرکوتکەر و داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندی لەسەر خەڵکی کوردستان، لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی لەسێدارەدانی شەهید “حەیدەر قوربانی”، بەندکراوی سیاسیی کورد لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، مانگرتن بە شێوەیەکی بەرچاو و چڕوپڕ بەڕێوە دەچێت و هەنووکەش ئەو مانگرتنە بەردەوامە و لە ئاستی میدیاکانی دەرەوەی کوردستانیشدا تاکوو ئێستە دەنگدانەوەی باشی هەبووە.
لە درێژەی ئەم مانگرتنەدا لە شارەکانی کامیاران، سنە، بانە، سەردەشت، نەڵاس، نەغەدە، شنۆ، پیرانشار، جوانڕۆ، مەهاباد و بۆکان و شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستان زۆربەی هاووڵاتییان بە داخستنی دوکان و بازاڕەکان و بە نەچوونە دەرەوە لە ماڵەکانیان، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و هەنووکەش بەم شیوەیە مانگرتن بەردەوامە.
وێڕای ئەوەی کە ڕێژیمی کۆنەپەرەستی ئیسلامیی ئێران هەموو هێز و توانای سەربازی و میدیایی و فرتوفێڵی خۆی بۆ پێشگرتن بەو مانگرتنە خستبووە گەڕ و بە هەموو شێواز و لە هەموو ڕێگەیەکەوە هەڕەشەی لە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان دەکرد و تەنانەت لە پێش دوکانی دوکاندارەکاندا هەڕەشەی کوشتنیان لە خەڵک کردووە، بەڵام لە بەرانبەر ئیرادە و بڕوای پۆڵایینی خەڵکی کوردستاندا بۆ جارێکی دیکە بەچۆکدا هات و نەیتوانی خەڵکی کوردستان بوستێنێت و خەڵکی کوردستان جارێکی تر سەلماندیان کە لەسەر بڕیارە جەسوورانەکانی خۆیان دژ بە ڕێژیمی ئاخوندی سوور و پێداگرن.
بەپێی زانیارییەکان؛ بەکرێگیراوانی ئەو ڕێژیمە لە شارەکانی کوردستان و لە پێش دوکاندارەکان و لە ناو بازاڕەکاندا جیا لەوەی کە هەڕەشەی لێستاندنەوەی مۆڵەتی یاساییی دوکانەکان، هەڕەشەی کوشتنیشیان لە خەڵک کردووە و هەروەها زەنگیان بۆ خاوەنی ئەو دوکانانە داوە کە دوکانەکانیان داخستووە و بەو شێوەیەش هەڕەشەی کوشتنیان کردووە، هەروەها ڕێکخراو و ناوەند و دامودەزگاکانی ئەو ڕێژیمە لە کوردستان لە ڕێگەی کورتەنامەوە هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە کە نابێت دوکانەکانیان دابخەن و ئەمەش نیشانەی ترسی ئەو ڕێژیمەیە لە ئیرادەی خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان.
هەر لەم پێوەندییەدا بڕیار وا بووە کە ئەمڕۆ خەڵكی شارەکانی سنە و کامیاران و ناوچەکانی دەوروبەر، سەردانی بنەماڵەی شەهید “حەیدەر” بکەن و پێکەوە بچنە سەر گڵکۆی شەهید “حەیدەر”، بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران سەرەڕای ئەوەی کە هەڕەشەیان لە بنەماڵەی شەهید “حەیدەر” کردووە و پیانیان ڕاگەیاندووە کە نابیت لە ١٠ کەس زیاتر کۆ ببنەوە و چەندین کەسیشیان لەم پێوەندییەدا دەسبەسەر کردووە، لەنێوان شارەکانی سنە و کامیاران چەندین بازگەیان داناوە و ناهێڵن خەڵک هاتوچوو بکەن و بە خەڵکیان تووە: “ئێوە بۆ ماڵی حەیدەر دەڕۆن و ئێمە ناهێڵین بڕۆن، قسەی زیادەش بکرێت ملی سەد کەسی دیکەش وەکوو حەیدەر دەکەینە دارەوە و هیچمان بۆ گرنگ نییە”.
ڕێژیم پاش ئەوەی کە بۆی دەرکەوت کە ناتوانێت پێش بە ئیرادەی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بگرێت، هێزە تیرۆریستی و سەرکوتگەرەکانی خۆی لە سەرجەم شار و ناوچە و تەنانەت گوندەکانی کوردستاندا بڵاو کردووەتەوە و لە ترسی بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی، کوردستانی بە تەواوەتی میلیتاریزە کردووە و لەنێو شارەکانی کودستاندا هێزەکانی ڕێژیم جێگیر لە مۆڵگەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران و جاش و خۆفرۆشەکانی ئەو ڕێژیمە بە جلی مەدەنییەوە بەناو شار و ناوچەکاندا بڵاوەیان پێ کراوە و تاکوو پێش بە مانگرتنی گشتی لەو شارەکاندا بگرن، بەڵام مانگرتنی خەڵکی ورەپۆڵایینی کوردستان بەڕیوە دەچێت و هەنووکەش بەردەوامە و تاکوو ئێستەش ئەم مانگرتنە لە ئاستی میدیاکانی دەرەوەی کوردستانیشدا دەنگدانەوەیەکی باشی هەبووە و بە گرنگییەوە ڕووماڵ کراوە.