لە ڕیزبەندیی ساڵانەی دامەزراوی لێکۆڵینەوەیی لێگاتوم بۆ خۆشبژیویی وڵاتانی جیهان، وڵاتی ئێران لە پلەی ١٣٢ـهەمدایە و بەپێی بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٣ پلە دابەزیوە.
دامەزراوی لێکۆڵینەوەیی لێگاتوم، کە ساڵانە ئاماری پلەبەندیی خۆشبژیویی وڵاتانی جیهان بڵاو دەکاتەوە، لە نوێترین ئاماریدا کە لەسەر پلەبەندیی خۆشبژیویی وڵاتانی جیهان لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە وڵاتی ئێران لەنێوان ١٦٧ وڵاتی جیهاندا، لە پلەی ١٢٣ـهەمدایە و بەپێی بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٣ پلە دابەزیوە.
ئەو دامەزراوەیە ٩ پێوەری بۆ پلەبەندیی خۆشبژیویی وڵاتەکان دیاری کردووە کە بریتین لە: گەشەی ئابووری، هەلەکانی دابینکردن کار و ئازادییەکانی کارکردن، پەروەردە، سڵامەتی و تەندروستی، ئاسایش و ئەمنییەت، ژینگەپارێزی، ئازادییە تاکەکەسییەکان، حکومەتداری و سامانە کۆمەڵایەتییەکان، کە وڵاتی ئێران لە بواری گەشەی ئابوورییەوە لە پلەی ١٣٨ـەم، لە بواری هەلەکانی دابینکردن و ئازادییەکانی کارکردن لە پلەی ١٠٤ـەم، لە بواری پەروەردەوە لە پلەی ٧٥ـەم، لە بواری سڵامەتی و تەندروستییەوە لە پلەی ٦١ـەم، ئەمنییەتی و ئاسایشەوە لە پلەی ١٣١ـەم، لە بواری ژینگەپارێزییەوە لە پلەی ١٦٥ـەم، لە بواری ئازادییە تاکەکەسییەکانەوە لە پلەی ١٦٥ـەم، لە بواری حکومەتدارییەوە لە پلەی ١٤٥ـەم، لە بواری سامانە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە پلەی ٨٩ـەم، لە بواری ئاسایشی سەرمایەگوزارییەوە لە پلەی ١٢٦ـەم، لە بواری ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری و سەرمایەگوازاران بۆ وڵات لە پلەی ١٥٢ـەم و لە بواری بارودۆخی ژیانی خەڵکەوە لە پلەی ٧٥ـەمدایە.
شایانی باسە کە ئەو ئامارانە وەکوو پێوەری سەرەکی بۆ دیاریکردنی خۆشترین وڵاتانی جیهان بۆ ژیانکردن ئەژمار دەکرێت و لە پلەبەندیی ساڵی ٢٠٢١ی زاییندا وڵاتانی دانمارک، نۆروێژ، سوید، فینلاند، هوڵەند، لوکزامبورگ، نیوزلەند، ئاڵمان و ئیسلەند لە ڕیزبەندیی یەکەم تاکوو دەهەمی ئەو ئامارەدان.