سەرەڕای هەموو گوشار و هەڕەشەکانی ڕێژیم لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی لە لایەن ڕێژیمی داگیرکەری کۆماریئیسلامییەوە، مانگرتن بە شێوەیەکی بەرچاو و چڕوپڕ دەستیپێکرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، خەڵکی بوێر و چاونەترسی کوردستان بێزاری و ڕقی خۆیان لە هەمبەر کردەوە قیزەونەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە تایبەت لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسیی کورد کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز نامرۆڤانە لە لایەن حکوومەتی پەت و سێدارەوە لە سێدارەدرا تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە شارەکانی سنە، بانە،نەغەدە، شنۆ،مەهاباد و بۆکان و شارەکانی دیکەی کوردستان بە داخستنی دوکان و بازاڕەکان و بە نەچوونەدەرەوە لە ماڵ دەربڕی و مانیان گرتووە و ئەمەش ڕێژیمی تۆقاندووە و هەموو شارەکان میلیتاریزە کراون.
مانگرتنی خەڵکی بەشەرەف و کوردپەروەری کوردستان لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی کۆنەپەرەستی ئیسلامیی ئێران هەموو هێز و توانای سەربازی و میدیایی خۆی بۆ پێشگرتن بەو مانگرتنە خستبووە گەڕ بەڵام لە بەرانبەر ئیرادە و بڕوای پۆڵایینی خەڵکی کوردستاندا بۆ جارێکی دیکە بەچۆکدا هات.