ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا لە سێدارەدانی شاراوەی “حەیدەر قوربانی” بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی شاری سنەی بە توندیی ئیدانە کرد.
پاش لە سێدارەدانی شاراوەی حەیدەر قوربانی لە بەندیخانەی شاری سنە کۆمەڵێک ڕەخنە و کاردانەوەی نێوخۆیی و دەرەکی لێکەوتەوە و لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە کە بە بێ ئاگاداریی پارێزەرەکانی و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی کە تەنانەت لە گەڵ یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامیشدا بگونجێ مەحکووم کرا.
هەر لەو پێوەندییەدا جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی بە پێشێلکردنی هەموو یاسا مرۆییەکان و بڕیارنامە نێونەتەوەییەکان دەزانێ و ئەو شێوە هەڵسوکەوتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم دەکا.
شایانی باسە کە حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسیی کورد بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و بە گوشاری وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم و سپای پاسداران بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەز بە شێوەی شاراوە و بێ ئاگاداربوونی بنەماڵە و پارێزەرەکانیشی لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە شاری سنە لە سێدارەدرا.