لە درێژەی زەخت و گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە بەشداریکردنی خەڵک لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی شەهید “حەیدەر قوربانی” و هەروەها بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی، چالاکێکی مەدەنی خەڵکی شاری کامیاران دەسبەسەر کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٦ی ئێوارە ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری کامیاران بە ناوی “ئامانج قوربانی”، کە یەکێک لە ژینگەپارێزان و رۆژنامەنووسانی شاری کامیارانە، دوای بانگکردن بۆ ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەم چالاکی ژینگەپارێزە بەهۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی شەهید “حەیدەر قوربانی”، بەندکراوی سیاسیی کورد کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز لە شاری سنە لەسێدارە درابوو، دەسبەسەر کراوە.
شایانی باسە کە ئامانج قوربانی یەکێک لە ئەندامانی حیزبی “وەحدەتی میللی” لقی کوردستانە و ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی سزای ٣ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران بە سەریدا سەپێندرا.
لەلایەکی دیکەوە ئەفشین حوسێن پەناهی بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی گوندی “قوڕوچیا”ی سەر بە شاری دێولان، دوای بەشداری لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی شەهید “حەیدەر قوربانی”، لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە بانگ کراوە و چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.
هەر لەم پێوەندییەدا پاش ئەوە کە خەڵکی کوردستان بڕاریان دا لە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لەسەر لەسێدارەدانی شەهید “حەیدەر قوربانی” مانگرتنی گشتی بەڕێوە ببەن، بەپێی زانیارییەکان ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندی لە ترسی بەڕێوەچوونی ئەو مانگرتنە، کوردستانی بە تەواوەتی میلیتاریزە کردووە و بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان و بەتایبەت لە شاری سنە دووکان بە دووکان گەڕاون و هەڕەشەیان لە دووکاندارەکان کردووە کە نابێت دووکانەکانیان دابخەن، هەروەها “یەکیەتیی ژنانی ئاڕایشگەری سنە” هەڕەشەی لە ژنانی ئاڕایشگەری ئەو شارە کردووە کە لە ئەگەری داخستنی دووکانەکانیان، بەدواداچوونی یاسایی هەیە و مۆڵەتی کارکردنیان هەڵدەوەشێتەوە.