ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندی لە ترسی بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی، کوردستانی بە تەواوەتی میلیتاریزە کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕێژیمی ئاخوندی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ۲ی بەفرانبار، لە ترسی خڕۆشانی تووڕەیی جەماوەری و مانگرتنی گشتی لە مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی شەهید “حەیدەر قوربانی”، تەواوی شارەکانی کوردستانی میلیتاریزە کردووە.
هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، دەوروبەری ماڵی شەهید “حەیدەر قوربانی” لە شاری کامیاران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گەمارۆ دراوە.
هەروەها لە شاری کامیاران هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم ڕژاونەتە ناو شار و گوشار بۆ دوکاندارانی ئەو شارە دەهێنن کە خۆ لە مانگرتن گشتی و داخستنی بازاڕ ببوێرن.
هەروەها لە شاری سنە جاش و بەکرێگیراونی ڕێژیم بە سووڕانەوە بە ناو شاردا هەوڵی چاوترسێن کردنی خەڵکی شۆڕشگێڕی ئەو شارە دەدەن و لە شارەکانی ئیلام و کرماشانیش هێزە تێرۆریستییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بە ناو ئەو شارانەدا بڵاوەیان پێکراوە.
لە لایەکی دیکەوە لە شاری مەریوان جاش و لیباس شەخسییەکان هەڕەشە لە دوکاندارانی ئەو شارە دەکەن کە دوکانەکانیان دانەخەن.
هەر لەو پێوەندییەدا، لە شاری شنۆ مۆرە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم بە ناو شاردا بڵاوەیان پێکراوە تاکوو پێش بە بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی بگرن.
هەروەها لە شاری بۆکان هێزەکانی جێگیر لە مۆڵگەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران بە جلی مەدەنییەوە بە ناو شاردا بڵاوەیان پێکراوە تاکوو پێش بە مانگرتنی گشتی لەو شارەدا بگرن و لە شاری مەهابادیش جاش و خۆفرۆشەکانی سەر بە ڕێژیم هەڕەشە لە دوکاندارانی ئەو شارە دەکەن کە پەیوەستی مانگرتنی گشتی نەبن و هەر لەو پێوەندییەدا لە شارەکانی بانە، سەردەشت و ڕەبەتیش جاش و خۆفرۆشان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە ئەرکدار کراون کە دوکاندارانی ئەو سێ شاره ناچار بکەن کە پەیوەستی مانگرتنی گشتی نەبن.
جێی ئاماژەیە کە دامودەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئاخوندی لە ڕێگای ناردنی کورتەنامە بۆ چالاکانی سیاسی و مەدەنی، هەڕەشەیان لێ دەکات کە نابێ خەڵک بۆ مانگرتنی گشتی هان بدەن.