سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە ١ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٢ی دسامبری ٢٠٢١ زایینی، کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بەشداری هەیئەتەکانی ناوەند لە پەیوەندییەکانی هەولێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد و پاشان کاک محەممەد نەزیف قادری وەکوو بەرپرسی هەیئەتی دەورەیی ناوەند باسێکی سەبارەت بە کار و ئەرکەکانی ناوەندی هاوکاری لە ماوەی بەرپرسایەتی دەورەیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها دۆخی ئێستای پێشکەش کرد و پاشان دەستووری کاری کۆبوونەوەکەی خستە بەر دید و نەزەری بەشدار بووانی کۆبوونەوەکە.
لە درێژەی کاری کۆبوونەوەکەدا هەیئەتەکانی بەشداری کۆبوونەوەکە سەبارەت بە راپۆرتی کار و هەروەها دەستووری کاری جەلەسەکە بە تێر و تەسەلی ڕا و بۆچوونی خۆیان هێنایە بەر باس و بە وردی بابەتەکانی دەستووری کاری جەلەسەکەیان شرۆڤە کرد.
هەیئەتەکانی ناوەندی هاوکاری سپاس و پێزانینی خۆیان لە ماوەی بەرپرسایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێشکەش بە هەیئەتی ناوبراو کرد و بەرپرسایەتی دەورەی داهاتوو بە هاوڕێیانی حیزبی دێموکراتی کوردستان سپێردرا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک ڕاسپاردە سەبارەت بە داهاتووی کاری ناوەند دەسنیشانکرا و ناوەند ئەرکدار کرا کە ئەو راسپاردانە لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا بە ئەنجام بگەیەنێ.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی
٢٢ی دسامبری ٢٠٢١ی زایینی