سەرلە ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە ۳۰ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی بەبۆنەی یادی ٩٠ساڵەی لەدایکبوونی ڕێبەری هەڵکەوتووی کورد دوکتور قاسملوو، ڕێوڕەسمێکی تایبەت لە بنکەی ناوەندی سێی کوردستان بە بەشداریی کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
پاشان بەڕێز مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەیەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. بەڕێز مەولودی لە قسەکانیدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە وێستگەکانی خەباتی دوکتوور قاسملوو و ئاماژەدان بە دەسپێکی ژیانی سیاسی ئەم ڕێبەرە مەزنە لە یەکیەتیی لاواندا، باسی لە لێهاتوویی سیاسی ئەم ڕێبەرە و کاریگەرییەکانی لەسەر خەبات و تیکۆشانی حیزبی دێموکرات کرد. لە درێژەی قسەکانیدا مەولوودی باسی لە تێکەڵبوونی شایی و شینی نەتەوەکەمان کرد و ئاماژەی بە تەقینەوەی تێرۆریستی ساڵی ٢٠١٦ی بەردەرکی قەڵا و هەروەها شەهیدانی ئەم جینایەتە سامناکە کرد. هاوکات باسێکی تایبەتی سەبارەت بە لەسێدارەدانی شەهید حەیدەر قوربانی لەلایەن ڕێژیمی ئاخوندییەوە پێشکەش کرد و ڕێزی لە خۆڕاگری ئەم نەمرە و سەرجەم زیندانیانی سیاسی گرت.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا هاوڕێیان کەریم فەرخەپوور و شاروخ حەسەنزادە پەخشانەشێعریان بەبۆنەی شەوی یەڵدا پێشکەش کرد.
بڕگەیەکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمە تەرخانکرابوو بە چەند وتەی بەڕێز سەلاح ڕەحمانی هاوڕێی نزیکی شەهید حەیدەر قوربانی، کە چەند لایەنێکی تایبەتی نەمر حەیدەر قوربانی بۆ ئامادەبووان باس کرد.
بڕگەی کۆتایی ئەم ڕێوڕەسمە، بە زنجیرە سترانی هەردوو هونەرمەند ئازیتا موئمێنی و ئاسۆ موئمێنی بە هاوکاری تیپی موزیکی باواجی کۆیە نەخشێندرا.