ناوەند سەرکوتکەرەکان و هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە زۆربەی شارەکانی کوردستان هەڕەشە لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەکەن کە نابێ بە هیچ شێوەیەک هاندەری خەڵک بن کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی بەفرانبار، مانگرتن بەڕێوە ببەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە زۆربەی شارە و ناوچەکانی کوردستان هەڕەشەی لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردستان کردووە کە نابێ بە هێچ شێوەیەک دوای بڵاوبوونەوەی بانگەوازی مانگرتن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاندەری خەڵک بن کە ئەو هەڵمەتە گشتییە بەڕێوە ببەن.
ئەو هەڕەشەی هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆسەر خەڵکی کوردستان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد لە نێوخۆی وڵات بە مەبەستی مەحکوومکردنی جینایەتی ڕێژیمی ئاخوندی لە پێوەندی لەگەڵ لەسێداردانی شەهید “حەیدەر قوربانی”، بانگەوازی مانگرتنی گشتییان بڵاو کردەوە و لەو بانگەوازەدا لەژێر دروشمی ” کوردستان لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانی خۆی شەرمەزار دەکات”، داوای یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان بۆ ئەو هەڵمەتە کراوە.
لە بانگەوازەدا داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ۲ی بەفرانبار بە بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتی خاوەندارێتی لە ئاوات و ئامانجی شەهید “حەیدەر قوربانی” بکەن و بەو شێوەیە بۆ جارێکی دیکە ئەو ڕاستییە پیشان بدرێتەوە کە ڕێژیمی ئاخوندی لە کوردستاندا هیچکات ڕەوایەتیی نییە.
شایانی باسە کە شەهید حەیدەر قوربانی، زیندانی سیاسیی کورد ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز لە بەندیخانەی سنە لەلایەن جەلادانی ڕێژیمی ئاخوندییەوە لەسێدارە درا.