هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، بە بیانووی ئەوەی کە کۆمەڵیک بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی ئەو بەندیخانەیە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، هێرشیان کردووەتە سەر بەندکراوانی ئەو بەندیخانەیە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ١ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، یەکەی تایبەتی (گارد ویژە) سەر بە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، بە بڕیاری مۆرەی جینایەکار و بەرپرسی ئەو بەندیخانەیە بە ناوی “بەخشی”، بە بیانووی ئەوەی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمەڵیک لە بەندکراوانی سیاسی و ئایینی لەو بەندیخانە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەستیان بە مانگرتن کردووە، هێرشیان کردووەتە سەر بەندکراونی ئەو بەندیخانەیە و لە هیچ تاوانێکی نامرۆڤانە دەستیان نەپاراستووە.
شایانی باسە کە ٤٦ کەس لە بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی لەو بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، لە ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی سەرماوەزەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە بڕیاری گواستنەوەیان بۆ بەندێکی نوێ، مانیان لە خواردن گرتووە.
هەر لەم پێوەندییەدا پێشر بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ دوو جار چوونەتە ناو بەندی سیاسیی بەندیخانەکەوە و داوایان لە مانگرتووەکان کردووە کە کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بهێنن و جەختیشی کردووەتەوە کە بۆ بەندی نوێ دەگوازێنەوە؛ هەروەها دوو بەندکراوی سیاسیی کوردیان بە ناوەکانی “کەیهان موکەڕەم و نایب حاجیزاده” بۆ ژووری تاکەکەسیی گواستووەتەوە.